Balatarin پناهندگان ایرانی در ترکیه
X
تبلیغات
رایتل
مبارزه با تروریسم

هێرشکردنه سه‌ر 2 په‌نابه‌ری کوردی ئێرانی له تورکیه!

شه‌وی دوو شه‌ممه 4 -06-2007  دوو په‌نابه‌ری کوردی ئێرانی دانیشتووی شاری ئاکسارای له تورکیه به ناوه‌کانی ئیسمائیل ئه‌زیمی و نه‌جمه‌د‌ین نووری که بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی خۆیان تا دوواین کاتژمێره‌کانی شه‌و کاریان ده‌کرد له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ماڵه‌وه له لایه‌ن 5 که‌سی نه‌ناسراوه‌وه که به وته‌ی خۆیان به ماشینێکی سواری له شوێنیانه‌وه بووه به دار هێرشیان ده‌کرێته‌ سه‌ر و  له کاتێکیش‌دا که په‌نایان بۆ گه‌شتی پۆلیسیش بردبوو هه‌ر له به‌ر چاوی پۆلیسه‌کانه‌وه به چه‌قو لێان ده‌ده‌ن و به سه‌ختی بریندار ده‌کرێن . به وته‌ی ئه‌و په‌نابه‌ره کورده بریندارانه پۆلیس له کاتی په‌نا بۆ بردنیان دا هیچ کارێکی بۆ به‌رگری له‌وان نه‌کردوه و ته‌نانه‌ت کاتی هاتنی ئامبۆڵانس و هه‌وا‌ڵنێره‌کانیش ئیزنی باسکردنی ڕووداوه‌که‌یان پێ نه‌داون . ئه‌وان ده‌ڵێن له نه‌خۆشخانه‌شدا پۆڵیس به شێوه‌یه‌کی زۆر نامرۆڤانه به‌رخۆردی له‌گه‌ڵ کردوون و پێان گوتوون نابێ باسی ڕووداوه‌که به‌و جۆره که بووه بکرێ.واته نابێ هیچ شکایه‌تێک له پۆلیس بکه‌ن.

ئه‌و یه‌که‌م جار نیه که ڕووداوی ئاوه‌ها له تورکیه و دژ به په‌نابه‌رانی کورد و ئێرانی ڕوو بدات.ئه‌وه هه‌ر چه‌ند ڕۆژ پێش بوو که هێرش کرایه سه‌ر په‌نابه‌رێکی ئێرانی و چه‌ند مانگ پێشتریش په‌نابه‌رێکی کوردی ڕۆژهه‌ڵات به‌ ناوی ئه‌یوب ئه‌مینی به زه‌ربی چه‌قۆ کوژرا و پۆلیسی تورک هه‌وڵیان داوه ڕووداوه‌که به کێشه‌یه‌کی ناۆخۆیی په‌نابه‌ران له قه‌ڵه‌م بدات.

بۆ جارێکی دیکه ئه‌م ڕووداوه‌ش ده‌ری ده‌خا که چ له‌ لایه‌ن به‌ کرێ گیراوانی کوماری ئیسلامی چ له لایه‌ن تورکه شوینیسته‌کانه‌وه مه‌ترسی به‌رده‌وام له‌سه‌ر په‌نابه‌رانی بیانی و به‌تایبه‌ت کورد و ئێرانی له تورکیه‌دا هه‌یه و هه‌میشه‌ش ده‌وڵه‌تی تورکیه و ڕێکخراوی به‌رزی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ کار و باری په‌نابه‌ران به‌رامبه‌ر به‌و ڕووداوانه بێده‌نگ ڕاده‌وه‌ستن. 


                                            

 

 


ئیعترازی په‌نابه‌رانی کوردی ئێرانی

له‌ به‌ر ده‌رگای کومیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران له‌ ئانکارا



دوای کوژرانی په‌نابه‌رێکی سیاسی کوردی ئێرانی له‌ تورکیه‌ به‌ ناوی (ایوب امینی) رۆژی 9/4/2007 سه‌عات یه‌کی پاش نیوه‌ڕۆ، پتر له‌100 په‌نابه‌ری کوردی ئێرانی له‌ تورکیه‌ (شمال عێراق) به‌ مه‌به‌ستی ده‌ربرینی ناره‌زایه‌تیی‌ به‌رانبه‌ربه‌ بێته‌فاوه‌تیی کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران به‌ نیسبه‌ت ئه‌م رووداوه‌وه و هه‌روه‌ها گوێنه‌دان به‌ چاره‌نووسی نادیار و مانه‌وه‌یان بۆ ماوه‌ی پتر له‌ پێنج ساڵ له‌ تورکیه‌، چوونه‌ به‌ر ده‌رگای ئۆفیسی ئه‌م رێکخراوه‌یه‌ له‌ ئانکارا. ئه‌گه‌رچی ئه‌م ئیعتیرازه‌ زۆر هێمنانه‌ و به‌ شێوه‌یه‌کی ئارام وشارستانیانه‌ به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ڵام کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران له‌ جیاتی وڵام دانه‌وه‌ به داخوازه‌کانیان، دیسان به‌ بانگهێشتنی پۆلیسی دژی شۆڕش به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر ناشیرین هه‌موو په‌نابه‌رانیان گرت و هه‌تا سه‌عات 7ی ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌سبه‌سه‌ر کران و پاشان هه‌رکه‌سه‌ ره‌وانه‌ی شاری نیشته‌جێبوونی خۆی کرایه‌وه‌. به‌ هۆی لێدان و ئه‌زیه‌تی په‌نابه‌ران له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه په‌نابه‌رێک ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ شاری کۆنیا کرا که‌ تا ئێستاش له‌ وه‌زعێکی ناهه‌مواردا ده‌ژی.‌ دیاره‌ وه‌ک هه‌میشه‌ ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ دیسان ره‌وانه‌ی دادگاکانی تورکیه‌ ده‌کرێن و ئازار ده‌درێن.

شایانی باسه‌ له‌ ماوه‌ی شه‌ش ساڵی رابردوودا ئه‌مه‌ چه‌نده‌مین جاره‌ ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ بۆ ده‌ربڕینی ئیعتیراز به‌ نیسبه‌ت چاره‌نووسیانه‌وه‌ ده‌چنه‌ به‌ر ده‌رگای رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان له‌ ئانکارا، به‌ڵام هه‌موو جاربه‌ بێ گوێدان به‌ داخوازه‌کانیان، پۆلیسی دژی شۆڕشیان ده‌هێننه‌ سه‌ر و به‌ شێوه‌یه‌کی غه‌یره‌ ئینسانی بڵاوه‌یان پێ ده‌که‌ن.

هێشتنه‌وه‌ی پتر له‌ پێنج ساڵی ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ له‌ تورکیه‌، تا ئێستا کاره‌ساتی دڵته‌زێنی زۆری لێ که‌وتوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ سێهه‌مین په‌نابه‌ر له‌م کۆمه‌ڵه په‌نابه‌ره‌یه‌‌‌ که‌ به‌ رووداوی دڵته‌زێن گیانی له‌ ده‌ست ده‌دات. ئێمه‌ په‌نابه‌رانی کوردی ئێرانی جارێکی دیکه‌ دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه‌‌ کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران و ده‌وڵه‌تی تورکیه‌ له‌ ئاست هه‌ر روودارێک که‌ بۆ ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ بێته‌ پێش به‌ به‌رپرس ده‌زانین، چونکه‌ ئه‌وان ئه‌م په‌نابه‌رانه‌یان به‌ بێ هیچ هۆیه‌ک ودوور له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ هاوکاریه‌کی پزیشکی، ماڵی، ژیان و گوزه‌ران، کار وگیروگرفتی ئیقامه‌تی کاتییان ، بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له‌ تورکیه‌ راگرتوه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی بیرله‌ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌کی پایداروئه‌ساسی بکه‌نه‌وه‌و کۆتایی به‌و هه‌موو مه‌ینه‌تیانه‌ بێنن.

جارێکی دیکه‌ داوا له‌ هه‌موو رێکخراوه‌ سیاسیه‌کان، کۆڕو کۆمه‌ڵه‌ به‌شه‌ر دۆست و لایه‌نگرانی مافی مرۆڤ ده‌که‌ین له‌ ئاست ئه‌م زۆڵمانه‌ که‌ ده‌رحه‌ق به‌م کۆمه‌ڵه‌ ئینسانه‌ ئازادیخوازه‌ له‌لایه‌ن کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران و ده‌وڵه‌تی تورکیه‌وه‌ ره‌وا ده‌بینرێ، بێده‌نگ نه‌بن و به‌ پێی توانا فشار بخه‌نه‌ سه‌ریان بو ئه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌کی گونجاو بۆ ئه‌م کێشه‌یه‌ ببیننه‌وه‌.






هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تی په‌نابه‌را‌نی کوردی ئێرانی له‌ تورکیه‌ (شمال عراق)

10/4/2007